رووداو به كوردى

Voice of America
  1. ئەمەریکا شەوی هەینی لە یاریگای سۆفای لە لۆس ئانجڵس بە ئەنجامی 4 گۆڵ بەرامبەر بە 1 لە پاراگوای بردەوە و بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەست کرا بە یەکەم یاری ئەم جامی جیهانییەی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. هەڵبژاردەی ئەمەریکا لە گەیمی یەکەمی یارییەکەدا بە تەواوەتی کۆنترۆڵی یارییەکەیان کردوو و سێ گۆڵیان تۆمارکرد. پاراگوای کێشەی زۆری هەبوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا، بێجگە لە گۆڵەکان ئەمەریکا چەندین دەرفتی تری گۆڵ تۆمارکردنی لەدەست چوو. یاریزانی هێرشبەری ئەمەریکا فۆلەرن بالۆگوان ئەستێرەی شەو بوو، دوو گۆڵی تۆمارکرد. دێمیەن بۆبابیلاش گۆڵێکی تری بۆ ئەمەریکا تۆمار کرد. یاریزانی پاراگوای مەریسیۆ، لە گەیمی دووهەمی یارییەکەدا گۆڵێکی بۆ پاراگوای تۆمار کرد. لە کاتی زیادەی یارییەکەدا لە دوا خولەک یۆڤانی ڕەینا، گۆڵی کۆتایی بۆ ئەمەرکا تۆمار کرد. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ روبیۆ لە یەکەم یاری ئەمەریکا لەم مۆندیالە ئامادە بوو. یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری جیهانی لە پۆستێکی ئێکسدا وێنەی ڕوبیۆی لە کاتی یارییەکەدا بڵاو کردووەتەوە. بە سەرکەوتن لەم یارییە ئەمەریکا نزیک بووەوە لە چوون بۆ قۆناغی داهاتووی جامی جیهانی تۆپی پێ. جامی جیهانی 2026، کە بە هاوبەشی لە لایەن ئەمەریکا، کەنەدا و مەکسیکەوە میوانداری دەکرێت، لە ڕۆژی 11ی مانگی شەش لە مەکسیکەوە دەستیپێکرد و لە یەکەم یاری پاڵەوانێتییەکدا مەکسیک بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە هیچ لە ئافریکای باشووری بردەوە.
  2. ڕۆژی هەینی بازاڕە جیهانییەکانی بۆرسە هەڵکشان و نرخی جیهانی نەوتی خاو داکشا، دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان دا بە نزیکبوونەوەی ئەمەریکا و ئێران لە ڕێککەوتنی کۆتایی ئاشتی. سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند ئەگەری هەیە "یاداشتێکی لەیەکتێگەیشنی زۆر بەهێز" لەگەڵ ئێران بەم زووانە لە وڵاتێکی ئەوروپا واژۆ بکرێت. هاوکاتی ئەو دەنگوباسە لە کۆشکی سپییەوە، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژەیان کرد بە کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. ڕۆژی هەینی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕە جیهانییەکان دابەزی بۆ نزیکەی 88 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا بەهای بەرمیلێک نەوتی خاوی وێست تەکساس ئینتەرمیدییەیت لە نێوان 83 بۆ 86 دۆلار بوو. بازاڕە جیهانییەکانی بۆرسە بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، بە جۆرێک نیکی 255ی ژاپۆن بە ڕێژەی 2.81٪ بەرزبووەوە، لە کاتیکدا بۆرسەی کۆسپی کۆریای باشور بە ڕێژەی 7٪ و هانگ سەنگی هۆنگ کۆنگ بەڕێژەی 0.65٪ و ئەی ئێس کەی ئوسترالیا بە ڕێژەی 1.54٪ بەرزبوونەوە. لە ئەوروپاش بۆرسە سەرەکییەکانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، لە کاتێکدا لە ئەمەریکا بەهای بۆرسەکانی داو جۆنس و نەسدەق و ئێس&پی 500 بە شێوەیەکی بەهێز لە هەڵکشاندابوون. هەروەها بازرگانان و وەبەرهێنان چاوەڕێ دەکەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک لە بازاڕی بۆرسەی نەسدەق دەست بە فرۆشتنی پشکەکانی بە هاوڵاتیان بکات لە ژێر سمبۆلی SPCX. بەهای جێگیری هەر یەکێک لەو پشکانە بریتییە لە 135 دۆلار و کۆی گشتی بەهاکەی دەگاتە تریلیۆنێک و 77 ملیار دۆلار.
  3. لە کەناراوەکانی مەیامی هاندەرانی مەکسیک و کۆڵۆمبیا بۆ سەیرکردنی یارییەکانی جامی جیهانی و کۆنسێرت و مۆسیقا کۆ بوونەوە و ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.
  4. سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئێوارەی هەینی ڕایگەیاند دەقی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەمەریکا و ئێران ڕەزامەندی لەسەر دراوە و کار لەسەر هەنگاوەکانی کۆتایی دەکرێت. شەهباز شەریف ئاماژەی دا بە بڵاوبوونەوەی "زانیاری ناڕاست" لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە و ڕایگەیاند، "هاوکات لەگەڵ هەوڵە زۆرەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری، ئێمە بە تەواوی ئاگاداری ئەو هەڵمەتەین لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە هەڵە بەردەوامەکانی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ڕێککەوتنی ئاشتی تێکبدەن." شەباز شەریف ڕاشیگەیاند، "لەگەڵ بەلاوەنانی ئەو ژاوەژاوە، ئێمە دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە دەقی کۆتایی و ڕێککەوتن-لەسەر-کراوی ئاشتی بەئەنجام گەیشتووە و ئێستا پاکستان لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوو لایەن کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە هەنگاوەکانی داهاتوو." ڕاشیگەیاند، "هەرگیز وەک ئێستا بەدیهێنانی ئاشتی نزیک نەبووەتەوە." ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی هەینی بە کاتی واشنتن سەرۆک ترامپ بێزاری توندی بەرامبەر بە بڵاوکردنەوەی "زانیاری ناراست" لەلایەن ئێرانەوە دەربڕی و بەرپرسانی ئێرانی بە "بێ ئابڕوو" ناوبرد کە "مامەڵەکردن لەگەڵیان بە نییەتێکی باشەوە ئەستەمە." دوای هەڵوێستەکەی ترامپ، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی ڕایگەیاند "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" هیچ کات وەک ئێستا نزیک نەبووە لە واژۆکردنی و داوای لە میدیاکان کرد زانیاری لەسەر بنەمای بۆچوون بڵاونەکەنەوە. دواتر سەرۆکی ئەمەریکا وێنەیەکی ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس هاوبەش کرد.
  5. چیمەنی جامی جیهانی ئەمساڵ ئاسایی نییە، بەڵکو گیایەکی تایبەتە و بەرهەمی هەشت ساڵ لە کاری زانستی و لێکۆڵینەوەی بەردەوامی زانایانی ئەمەریکایە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فاست کۆمپانی، ئەو چیمەنانەی لە یاریگاکانی جامی جیهانی 2026دا بەکار دێن، زانایانی زانکۆی تێنێسی و زانکۆی میشیگان ستەیت نزیکەی هەشت ساڵ کاریان لەسەر کردووە و زیاتر لە 170 تاقیکردنەوەیان ئەنجام داوە بۆ بەرهەمهێنانیان. فیفا مەرجی دیارییکراوی هەیە بۆ چیمەنی یاریگاکان بەوەی کە دەبێت سرووشتت بن و یارییکردن لەسەریان لە هەموو پارچەیەکی یارییگاکەدا وەک یەک بێت، وە بەرگەی فشاری زۆری ڕاکردن و کەوتنی یاریزانان بگرێت. چیمەنی یاریگاکان فشاری زۆریان دەخرێتەسەر. بەپێی راپۆرتێکی ڕەن ڕێپ، لەماوەی هەر یارییەکی مۆندیالی 2022 دا کۆی گشتی ڕاکردنی هەموو یاریزانان لەسەر چیمەنەکان نزیکەی 220 کیلۆمەتر بوو. یەکێک لە کێشەکانی بەردەم جامی جیهانی ئەمساڵ ئەوەبوو کە یارییەکان لە 16 شاری سێ وڵاتدا ئەنجام دەدرێن کە کەشوهەوای جیاوازیان هەیە. ئاڵەنگارییەکە بریتیبوو لە دروستکردنی چیمەنێک کە بەرگەی کەشوهەوای جیاوازی شارەکان بگرێت، بۆ نمونە هەوای سارد و بارانی تۆرنتۆ یان هەوای گەرم و شێدار و بارانی مەیامی یان یاریگای داخراوی شاری سیاتڵ لە باکوری رۆژئاوای ئەمەریکا. لە دوای ساڵانێک تاقیکردنەوە، زانایان گەیشتن بە درووستکردنی تێکەڵەیەکی دیاریکراو لە چیمەنی جۆری بلوگراسی کنتاکی و رایگراس کە لە ویلایەتەکانی باکووری ئەمەریکا دەڕوێن. چیمەنە نوێیەکە – لە سەدا 84 بلوگراسی کنتاکی و لە سەدا 16 رایگراس—هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە کە فیفا دیارییکردوون. زانایان ئامێرێکی تایبەتیان دروست کرد بە ناوی فلێکس دیڤایس کە هەموو تایبەتمەندییەکانی قاچی یاریزانی تێدایە، وەک قورسایی و ڕۆیشتن و ڕاکردن و کەوتن. زاناکان وەک تاقیکردنەوە ئەو ئامێرەیان لە ناوچەی جیاوازی چیمەنی یاریگاکان بەکارهێنا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چیمەنەکە هەموو مەرجەکانی فیفای تێدایە. بەپێی راپۆرتێکی سایەنس نیوز ئێکسپلۆرس، زانایان تەنانەت سیستەمێکی ڕووناکی تایبەتیان بەرهەم هێناوە بۆ دابینکردنی ڕۆشنایی بە گەشەکردنی چیمەن لەو یاریگایانەی کە داخراون و خۆر لەچیمەنەکەیان نادات. لە جاری داهاتوودا کاتێک بینەری مۆندیال دەبیت، چاوێکیش بخە سەر چیمەنەکە چونکە ئەو چیمەنە بەرهەمی هەشت ساڵ کاری زانایانە.
  6. جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی گتوگۆکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەیشتن بە چارەسەرییەکی هەمیشەیی. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی ئەو زانیاریانەی بە "نادروست" و "سەیروسەمەرە" ناوبرد گوایە ئەمەریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە چەندین ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێران بداتەوە بەو وڵاتە. ڕایگەیاند، "ئێرانییەکان هیچ پارەیەکی نەختینە وەرناگرن و هیچ بڕە پارەیەک تەنیا بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک یان بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەیەکدا ئازاد ناکرێت." ڤانس گوتی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێشینەی ئامانجەکاندایە، ئنجا "ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەوکات سوودە ئابوورییەکان بۆ ئەوان و هەموو ناوچەکە دەبێت." جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە "ئەم ڕێککەوتنە توانای ئەوەی هەیە کە ناوچەکە دووبارە دروست بکاتەوە و ببێتە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی." ڤانس دڵنیایی دا لەوەی لە کۆتایییدا سەرۆکی ئەمەریکا دەرەنجامێکی "باش" لەو پرسەدا بۆ ئەمەریکا بەدەست دەهێنێت.
  7. وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سوپای وڵاتەکەی لە لوبنان و سوریا و کەرتی غەززە ناکشێتەوە. ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، ڕایگەیاند، "ئیسرائیل لە ناوچە ئاشایشییەکان لە لوبنان و سوریا و غەززە ناکشێتەوە. هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە سنوورەکانمان و هاووڵاتیانمان لەسەر چیای هێرمۆن و چیاکانی لوبنان و خاکەکانمان لە ناوچەی سامریا و زۆربەی غەززە." کاتز ئاماژەی دا بەوەی هەڵوێستەکە لە چوارچێوەی بەرگریکردنی ئیسرائیلدایە دژ بە هەڕەشەی گرووپە جیهادییەکان. وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران ئاماژەی دا بە هێزی بەرگری وڵاتەکەی لەوەی "دەتوانین بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕێگری لە ئێران بکەین لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی." کاتز هەڕەشەی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ ناوچەی زیاتر تر کرد و جەختی کردەوە بنچینەی تێڕوانینی ئاسایشی ئیسرائیل بریتییە لەوەی "دژی مەترسییە نزیک و دوورەکان دەوەستینەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی یەکلاکەرەوە دەدەین نەک سازش و ملدان."
  8. "سیئۆل فود 2026" یەکێکە لە گەورەترین پێشانگاکانی خۆراک لە ئاسیا، پێشانگاکە ئەم هەفتەیە لە پایتەختی کۆریای باشوور دەکرێتەوە. ئەمەریکا ئەمساڵ بەشداری تێدا دەکات، لە کاتێکدا یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەکاتەوە.
  9. هەواڵە جیهانیـیەکان لە دەنگی ئەمەریکا
  10. سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی توندی دژ بە بەرپرسانی ئێران بڵاوکردەوە و بە کەسانی "بێ ئابڕوو" ناودێری کردن کە "مامەڵەکردن لەگەڵیان بە نییەتێکی باش ئەستەمە." سەرۆک دۆناڵد ترامپ بەرپرسانی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە زانیاری هەڵەیان داوەتە دەزگا هەواڵییەکان سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران. سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "ئەو خاڵانەی کە ئێران بۆ میدیا ساختەکان دزەی پێکردوون هیچ پەیوەندییەکیان بەو خاڵانەوە نییە کە بە نووسراو لەسەری ڕێککەوتووین." ترامپ ئاماژەی داوە بەوەی لێدوانە "لاوازەکانی" بەرپرسانی ئێران لە بارەی ناوەڕۆکی نوسراوی ڕێککەوتنەکە "هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە." دەشڵێت، "کەسانێکی زۆر بێ ئابڕوون لە مامەڵەدا. لەگەڵ ئەواندا شتێک نییە بە ناوی مامەڵەکردن بە نیەتێکی باشەوە. جێگەی تێڕامانە!" سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا بە هێرشێکی دوێنێ شەوی ئێران کە لە ڕێگەی درۆنەوە کراوەتە سەر چەند کەشتییەکی هیندستان لە گەرووی هورمز بۆ ڕێگری لە پەڕینەوەیان. سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند هێرشەکە مایەی قبوڵکردن نییە. ترامپ هۆشداری بە بەرپسانی ئێران دا بەوەی "باشترە بۆیان هەڵسوکەوتەکانیان ڕاست بکەنەوە، بە زوویی."
  11. هەواڵە جیهانیـیەکان لە دەنگی ئەمەریکا
  12. نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکی گشتگیردا لە پەرلەمانی ئەوروپا باسیان لە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و هەروەها تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە ئایندەی ئێران خستەڕوو.
  13. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و جەختی کردەوە لەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە پرسەدا تەواو هاوڕان. بنیامین نەتانیاهو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "هەتا من سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بم، ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت. ڕێککەوتنی تەواو لە نێوان من و سەرۆک ترامپ هەیە لەسەر ئەم بابەتە." نەتانیاهو هەروەها باسی لەوە کرد بۆ ماوەی 30 ساڵە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەڵمەتی دژ بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە. سەرکردەی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، "ئەگەر ئەم هەڵمەتە نەبوایە، ئێران زۆر دەمێک بوو بۆمبی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بەدەست دەهێنا." ئەو وتانەی نەتانیاهۆ دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە مەرجەکانی کۆتایی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پەسەند کراون و شیانی هەیە "بەم زووانە" ڕێککەوتنەکە لە وڵاتێکی ئەوروپا واژۆ بکرێت.
  14. بە گوێرەی راپۆرتێکی بلومبێرگ، ئەگەری هەیە شاری ژنێڤ لە سویسرا وەک شوێنێک بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئەگەری ئەمەریکا و ئێران دەستنیشان کراوە. بلومبێرگ بە پشتبەستن بە بەرپرسانی باڵا، بڵاویکردووەتەوە ئەمەریکا و ئێران لە ئاستی نزیکبوونەوەدان بۆ واژوکردنی ڕێککەوتنێک سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز و ئەگەری هەیە واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام بدرێت. بەڵام لە کاتێکدا کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت هەفتەی داهاتوو لە فەڕەنسا بەڕێوە دەچێت، بەرپرسێکی گرووپی حەوت کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە بلومبێرگی وتووە بەرپرسێکی باڵای ئێرانی شەوی ڕابردوو ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەری گەییشتن بە ڕێککەوتن زۆر لەسەرەوەیە. بەرپرسێکی دیکەی گرووپی حەوتیش وتوویەتی کە ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی "یادداشتی لێکتێگەیشتن" دەبێت، نەک وەک ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
  15. باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا و نوێنەری تایبەت بۆ سوریا و عێراق کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە بەرهەمدار دانا و جەختی لە بەهێزی هاوپەیمانێتی نێوان ئەمەریکا و تورکیا کردەوە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هاکان فیدان لە ئەنقەرە پێشوازی کردووە لە تۆم باراک، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە باس نەکرد. تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی دا بەوەی کۆبوونەوە "بەرهەمدارەکە" بەر لە دەستپێکی لوتکەی 36ی ناتۆیە. باراک ڕایگەیاند، "وەک هاوپەیمانی بەهێز بە چەندین ئامانجی پێکەوەییەوە، هاوبەشێتی ئەمەریکا و تورکیا بەردەوامە لە بەدەستهێنانی ئەنجامەکان." بڕیارە سی و شەشەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ ڕۆژانی 7 و 8ی مانگی داهاتوو لە ئەنقەرە بەڕێوە بچێت و چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمەریکا بەشداری تێدا بکات.
  16. ماڵپەڕی ئەکسیوس بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، راپۆرتێکی لەسەر بەندە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری نێوان ئەمەریکا و ئێران بڵاو کردووەتەوە. بە گوێرەی ئەم راپۆرتە، ئەگەر یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی واژۆ بکرێت، تەنگەی هورمز دەستبەجێ و بە بێ هیچ جۆرە وەرگرتنی سەرانە دەکرێتەوە و لە بەرامبەردا سزاکانی سەر تاران بە پێی پابەندبوونی بە ڕێککەوتنەکەوە، بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ، کەم دەکرێنەوە. ماڵپەڕی ئەکسیوس لە زاری دیپلۆماتێکی وڵاتانی نێوندگیر و بەرپرسێکی ئەمەریکایی نووسیویەتی ئەم یادداشتەی لێکتێگەیشتنە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ درێژ دەکاتەوە و لە ماوەیەشدا گفتوگۆکانی ناوەکی بەڕێوە دەچن. بە گوێرەی راپۆرتەکە ئاگربەستە 60 رۆژەکە لوبنانیش دەگرێتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەقی ڕێککەوتنەکە هەروەها چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێت، بەڵام هەر هەنگاوێک سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی کۆماری ئیسلامی مەرجدارە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دووەم کە وردەکاریی زیاتر لەخۆ دەگرێت. دیپلۆماتێک لە وڵاتانی نێوەندگیر کە دەقە کۆتاییەکەی بۆ ئەکسیۆس ڕوونکردوەتەوە، دەڵێت "ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لەسەر دەقی ڕێککەوتنێک گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن." بەڵام جەختی کردەوە ئەم ڕێککەوتنە هێشتا پێویستی بە پەسەندکردنی کۆتایی هەیە. بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار، تا ئێوارەی پێنجشەممە ئەم ڕێککەوتنە لە ئاستە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرابوو، بەڵام هێشتا پەسەندی کۆتایی لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، موجتەبا خامەنەیی، وەرنەگرتووە. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە وتی چاوەڕێی ئەوە دەکات مەراسیمی واژوکردنی ڕێککەوتنەکە لە کۆتایی هەفتەدا ئەنجام بدرێت. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند تاران "هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە."
  17. وێڕای ئەوەی کارکردنی منداڵان دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری مافەکانی منداڵانە، بەڵام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان سەدان منداڵ کاردەکەن، وێڕای قورسی ئەرکەکەیان بەشێکیان ڕووبەڕووی گێچەڵ و زەبری دەروونی و جەستەیی دەبنەوە،
  18. هەواڵە جیهانیـیەکان لە دەنگی ئەمەریکا
  19. وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی دا بەوەی حکومەتی ئەمەریکا لە پارەی سڕکراوی ئێران قەرەبووی ئەو زیانانە دەکاتەوە کە ئێران بە وڵاتانی کەنداوی گەیاندووە. وەزیری گەنجینە سکۆت بێسێنت ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، "ڕژێمی ئێران هەر زیانێک بە هاوپەیمانانمان لە کەنداو بگەیەنێت، جەرجییەکەی لەو پارانەی ناو هەژمارەکانی ئێران دەدرێت." وەزیری گەنجینە جەختی کردەوە لە شکستهێنانی ئێران "لەو یاریانەی" ئەنجامی دەدات و گوتی، "هەر سەرانەیەک کە دەدرێت بە دەستەڵاتی کەنداوی گەرووی فارس دواتر لە پارەی هەژمارەکانیان دەبڕدرێت." سکۆت بێسێنت هۆشداری دا بە بەردەوامی کردە سەربازییەکانی ئێران و گوتی دەبنە هۆی قوڵکردنەوەی لێکەوتە ئابوورییەکان بۆ تاران. هەرچەندە هەتا ئێستا هیچ ژمارەیەکی فەرمی لەبەردەست نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت سامانی ئێران بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە جیهاندا سڕ کرابێت. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ ڕێککەوتن بریتییە لە چارەنووسی ئەو پارە سڕکراوانە. بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئێران داو دەکات لە ڕێککەوتنەکەدا نزیکەی شەش بۆ 12 ملیار دۆلاری سڕکراوی بۆ بگەڕێنرێتەوە.
  20. چاوەڕوان دەکرێت جامی جیهانی تۆپی پێی ئەم ساڵ چەندین تۆماری جیهانی بشکێنێت و یارییەکان زۆرترین بینەریان هەبێت و مۆندیالەکە پڕداهاتترین پاڵەوانی بێت و زۆرترین چالاکی ئابووری بەرهەم بهێنێت. ئەمە یەکەمین جارە لە مێژوودا سێ وڵات -- ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا -- بە هاوبەشی میوانداری مۆندیال دەکەن. مۆندیالی 2026 گەورەترین پاڵەوانێتییە لە مێژووی فیفادا، کە تێیدا 48 تیم و هەزار و 248 یاریزان بەشداری تێدا دەکەن. پاڵەوانێتییەکە بۆ ماوەی 39 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و 16 شار میوانداری یارییەکان دەکەن. پێشتر لە مۆندیالی 1998 هەتا مۆندیالی 2022، بە گشتی 32 تیم بەشدارییانلە 64 یاری دەکرد. زیادکردنی ژمارەی تیمەکان بە یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان لە مێژووی جامی جیهانی تۆپێ پێ دادەنرێت. مەبەست لێی فراوانکردنی بەشداری وڵاتان و زیادکردنی تەماشاکار و برەودانە بە یاری تۆپی پێ لە جیهاندا. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی فیفا، چاوەڕوان دەکرێت جامی جیهانی ئەمساڵ زۆرترین بینەری ڕوودای وەرزشی هەبێت و پێشبینی دەکرێت نزیکەی شەش ملیار کەس—واتە سێ چارەکی تەواوی دانیشتوانی سەر زەوی— لەڕێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی میدیاییەوە تەماشای هەموو یان بەشێک لە یارییەکان بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە مۆندیالی 2022 کە وڵاتی قەتەر میوانداری کرد نزیکەی پێنج ملیار بینەری لە جیهاندا هەبوو. بە گوێرەی چاودێرانی وەرزشوانی، کومەڵێک هۆکار وادەکەن کە ئەم مۆندیالە زۆرترین بینەری هەبێت؛ لەوانە زیادکردنی ژمارەی تیم و یارییەکان، وە کاتی ئەنجامدان و پەخشی یارییەکان لە ئەمەریکای باکوور گونجاوە بۆ بینەران لە ئەوروپا و زۆر لە وڵاتانی ئاسیا، بەوەی بینەری یارییەکان بن لە ئێوارە و شەودا. هەروەها ئەمەریکا گەورەترین بازاڕی میدیایی جیهانە و کەناڵی فۆکس سپۆرت مافی بڵاوکردنەوەی هەموو یارییەکانی بە زمانی ئینگلیزی هەیە و کەناڵی تەلەموندۆ بە زمانی ئیسپانی و چەندین کۆمپانیاش وەک گوگڵ پەخشی یارییەکان دەکەن. لە مانگی سێی 2025 راپۆرتی دارایی فیفا پێشبینی کردووە کە جامی جیهانی 2026 نزیکەی 9 ملیار دۆلار داهات بۆ فیفا بهێنێت و ببێتە پڕداهاتترین پاڵەوانێتی تۆپی پێ لە مێژوودا. هەروەها بەپێی راپۆرتێکی دەزگای میدیایی فۆربس پێشبینی دەکرێت مۆندیالی ئەمساڵ زیاتر لە 820 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت و نزیکەی 41 ملیار دۆلار چالاکی ئابووری بەرهەم بهێنێت، بەبەراورد مۆندیالی 2022 نزیکەی 20 ملیارد دۆلار چالاکی ئابووری بەرهەمهێنا.