ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ كوردی

Voice of America
  1. هەواڵە جیهانیـیەکان لە دەنگی ئەمەریکا
  2. دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە پرۆژەیاسایەکی واژۆ کرد کە مافی بەکارهێنانی زیاتر لە هەزار و 82 دۆنم زەوی لە ویلایەتی واشنتن دەداتە هۆزی ڕەسەنی ئەمەریکایی لۆوەر ئەلوها کلاڵام. ئەم پرۆژەیە لە 26ـی مانگی سێی 2025ـدا لە لایەن ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ئیمیلی ڕانداڵ پێشکەش کرابوو. هۆزی لۆوەر ئەلوها کلاڵام بە شێوەیەکی مێژوویی لە ناوچەی دۆڵی ڕووباری ئەلوها لە ویلایەتی واشنتۆن نیشتەجێن. بەپێی یاسایەکە، ئەم زەوییانە لەسەر ناوی حکوومەتی فیدراڵی دەمێننەوە بەڵام مافی بەکارهێنانی دەدرێت بەو هۆزە و لە هەموو جۆرە تاکسێک دەبەخشرێت. شایەنی باسە، بابەتی خاوەندارێتیی زەوی لە لایەن هۆزە ڕەسەنەکانی ئەمەریکاوە بابەتێکی فرەڕەهەندە و حکوومەتی ئەمەریکا چەندین ناوچەی بۆ هۆزە ڕەسەنەکان دابین کردووە کە تێیاندا بە شێواز و کولتووری خۆیان دەژین و یاسای هۆزەکان جێبەجێ دەکریت. گەورەترین ناوچەی هۆزەکان لە ئەمەریکا ناوچەی هۆزی ناڤاهۆیە کە کەوتووەتە هەر سێ ویلایەتی ئەریزۆنا، نیو مەکسیکۆ و یوتا و پانتاییەکەی 27 هەزار مایڵی چوارگۆشەیە. هەروەها، ویلایەتی کالیفۆڕنیا زۆرترین هاووڵاتیی ڕەسەنی لێ دەژی.
  3. فشارەکانی ئێران بۆ دەرکردن یان ڕادەستکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات، پرسی ئایندەی ئەو حزبانەی خستووەتەوە گۆڕێ. دکتۆر عەباس وەلی، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان، لەسەر ڕەهەندە سیاسی و ئاسایشییەکانی ئەم بابەتە قسە دەکات.
  4. ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، ڕۆژی چوارشەممە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی باڵای سیاسی کۆبووەوە و جەختی لە بەردەوامی هاوکاری ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. فەیگن بە یاوەری وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، دیداری لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەنجام دا. مەسرور بارزانی دوای دیدارەکە ڕایگەیاند کە هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. بارزانی گوتی فەیگن پابەندبوونی ئەمەریکای بە بەردەوامی پشتیوانیکردنی هەرێم دووپات کردووەتەوە. هەروەها لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کراوەتەوە. لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداشەوە، بارزانی داوای کردووە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، بەپێی ڕێژەی 14.14 لە سەدی دانیشتووانی هەرێم تەرخان بکرێت. لە لایەکی دیکەوە، قوباد تاڵەبانی دیدارەکەی لەگەڵ فەیگن بە "پڕناوەڕۆک" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە هەردوو لا لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی خێرای کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و خێراکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هاوڕا بوون. لە دیدارێکی دیکەدا لە پیرمام، فەیگن لەگەڵ مەسعود بارزانی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆکی پارتی جەختی لە پابەندبوون بە دەستووری عێراق و پاراستنی مافەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ مافەکانی پێکهاتەکان، بە تایبەتی مەسیحییەکان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان دووپات کردووەتەوە. بارزانی گوتوویەتی هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململا‌نێکانی ناوچەکە و پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەکات. لە بەرامبەردا، شاندە ئەمەریکییەکە ڕایگەیاندووە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، بە مانای کۆتاییهاتنی پابەندیی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق و هەرێمی کوردستان نییە. شاندەکە جەختی کردووەتەوە کە واشنتن لە بواری ئاسایشی، سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری و هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
  5. ژاپۆن لە ئەرکێکی گرنگی تایبەت بە واڵاییدا کەشتییەکی بەرەو یەکێک لە دەوو مانگەکانی مەریخ نارد بە مەبەستی هێنانی نمونەی خاکی مانگەکە بۆ سەر زەوی.
  6. ڕێکخراوەکانی مەدەنی و ژنان لە پارێزگای حەسەکە چالاکی و هەڵمەتی هۆشیاری سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەدەبەن.
  7. قۆناغی شەشەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەمپی واشۆکانی و نەورۆز دەستی پێ کرد و ئەمجارە 642 خێزان دەگەڕێنەوە گوندەکانیان لە سەرێکانی. بەمەش ژمارەی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە دوو هەزار و 800 خێزان تێدەپەڕ دەکات.
  8. یاریدەدەرێکی کرێملن ڕۆژی چوارشەممە وتی ڕووسیا "لە ڕووی پرنسیپەوە" ڕازیبووە گفتوگۆ سێ قۆڵییەکانی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی یازدەدا دەست پێ بکەنەوە. ئەو ڕاگەیاندنەش لەدوای کۆبونەوەیەک دێت لەنێوان ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە سەینت پیتەرسبێرگی ڕووسیا. چەندین خولی گفتوگۆکان بە نێوەندگیریی ئەمەریکا لە ئەبو زەبی و جنێڤ لەم ساڵدا بە بنبەست گەیشتن سەرباری ئەوەی هەر دوو لا سەدان دیلیان ئاڵوگۆڕ کرد. لە وادەی دانیشتنەکەیاندا ڕۆژی چوارشەممە، ویتکۆف بە پووتنی وتووە "یەکێک لەو شتانەی ئەمڕۆ دەمەوێت بەدی بهێنم ئەوەیە کە گفتوگۆیەکی باش لەنێوانماندا ڕوو بدات بە هیوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سێ قۆڵی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و ئەمەریکا." هەروەها نێردەی تایبەتی ئەمەریکا پێشوازیی لە بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ هەڵگرتنی کۆنترۆڵەکان لەسەر هەناردەی گازوایل لە ڕووسیاوە کرد و وتی ئەمە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو لەلایەن ئێوەوە." مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە وتی دانوساندنی ئەستەم ئەنجام دراون و تێیاندا "بیرۆکەی داهێنەرانە" لەبارەی کۆتایی هێنان بە شەڕ پێشنیاز کراون. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی دۆنباسی خۆرهەڵاتی ئۆکراینا یەکێکە لە خاڵە زۆر ناکۆکی لەسەرەکان. ڕوبیۆ لە هیندستان بە ڕۆژنامەنوسانی وت، "ئەمە جەنگێکی ئاڵۆزە لەبەر چەندین هۆکار، بەڵام لە کرۆکدا هەمووی لەبەر ئەو بەشەی دۆنباس بووە کە ڕووسیا بە توندی داوای دەکات بەڵام نەیتوانیوە لە مەیدانی جەنگ بیگرێت و ئێستا بەدەست ئۆکرایناوەیە." ڕوبیۆ وتی بەرەوپێشچوون بەندە بە ئامادەیی هەردوولا بۆ سازشکردن. هەروەها وتیشی، "دەبێت بە جۆرێک بێت هەردوو لا رێکبکەون لەسەر ئەوەی دەستبەرداری شتێک بن، و ئەمەش هەمیشە باسێکی زۆر ئەستەمە." وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی کە سەرۆک پوتین و ویتکۆف لەوادەی کۆبونەوەکەیاندا لە سەینت پیتەرزبێرگ باسی کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکراینا و دوایین ڕێککەوتنی گازوایل و ناکۆکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیان کردووە. بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، پوتین بە ویتکۆفی وتووە، "ئەزانم سەرۆک ترامپ زۆر بایەخ بەم مەسەلەیە دەدات، بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای مرۆیی، ئەو لە سەروو هەموو شتێکەوە، جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنانی شەڕەکە بە هۆی قوربانییەکانی هێزە چەکدارەکانی هەردوولا." هەروەها وتووشیەتی، "بەڵام بێگومان ئەمە تەنها لەبارەی قوربانیانی سەربازییەوە نیە، بەڵکو مەینەتی و نەهامەتییەکانی کەسانی مەدەنیشە." هەروەها پوتین پێشنیازی کردووە لەگەڵ سەرۆک ترامپ لە چیین کۆببێتەوە و خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ تاووتوێکردنی چۆنیەتی چاککردنەوەی پەیوەندی دولایەنەی ئەمەریکا و ڕووسیا، بە هاریکاریی ئابورییشەوە، ئەمانەش هەمووی بە گوێرەی پۆستێکی وەزارەتەکە کە لە کەناڵی تەلیگرام بڵاوی کردووەتەوە. یوری ئوشاکۆڤی ڕاوێژکاری پوتین بۆ کاروباری دەرەکی لە دوای کۆبونەوەکە بە پەیامنێرانی وتووە کە کۆبونەوە سێ قۆڵییەکەی مانگی یازدە جەختی لەسەر "دامەزراندنی سیستەمێکی ئەمنیی دەبێت بۆ ڕووسیا و ئۆکراینا لەدوای کۆتاییهێاتنی شەڕەکە."
  9. شاری تەعز لە یەمەن لە ژێر گەمارۆدایە دوای ئەوەی حوسییەکان سەرەتای ئەم مانگە ڕێگای سەرەکی پەیوەندی شارەکەیان پچڕاند. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە کەمیی پێداویستییەکان ژیانی ملیۆنان کەسی خستووەتە مەترسییەوە .
  10. ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتیی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆکی ئۆکراینا کۆ بووەوە بە مەبەستی بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا. ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش ڕەخنە لە هەڵسوکەوتەکانی ڕووسیا دەگرێت.
  11. دەڤەری هەورامان و هەڵەبجە خاوەنی 36 ناوچەی گەشتیارین و ڕێگای چوون بۆیان نۆژەنکردنەوەی پێویستە.
  12. دوایین هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2022 ئەنجام درا و تێیدا 112 ملیۆن کەس دەنگیان دا. بەگوێرەی کۆمسیۆنی کۆمەکی هەڵبژاردنی ئەمەریکا، دەستەڵاتی ڕێکخستنی دەنگدان لەدەستی ویلایەتەکان و کایە خۆجێییەکاندایە. هاووڵاتیان بۆ دەنگدان دەچنە بنکەکان کە لە لایەن هەشت هەزار ئیدارەی خۆجێیەوە بەڕێوە دەبرێن. دەنگەکان چۆن دەژمێردرێن؟ بەگوێرەی داتاکانی کۆمسیۆنی کۆمەکی هەڵبژاردن، زۆربەی ناوەندەکانی دەنگدان لەڕێگەی سکانەری ئەلیکترۆنییەوە دەنگەکان، کە لە سەر کاغەز دراون، دەژمێرن. نزیکەی یەک لە پێنجی ناوەندەکانی دەنگدان لە ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024ـدا لەڕێگەی ژماردن بە دەست دەنگەکانیان جیا کردووەتەوە. دەنگدان لە زۆربەی ویلایەتەکان بە سێ جۆر ئەنجام دەدرێت: دەنگدانی پێشوەخت لەسەر سندوقی دەنگدان، دەنگدان ڕۆژی هەڵبژاردن، و دەنگدان لەڕێگەی پۆستەوە. هەر ویلایەتێک ڕێسای خۆی هەیە لە بارەی ئەوەی کە ئایا ئەو دەنگانەی پێشتر دراون یان لە ڕێگەی پۆستەوە دراون، دەتوانرێت پێش تەواوبوونی وادەی هەڵبژاردن بژمێردرێن. هەر کە ژماردنی دەنگەکان لە شەوی هەڵبژاردندا دەستی پێ کرد، ناوەندەکان دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی کۆی دەنگەکانی هەریەکە لە پێشبڕکێکان, وەک ئەنجامی نافەرمی، و دەیان نێرن بۆ دەستەڵاتەکانی هەڵبژاردنی ویلایەتەکە. وادەکانی پشتراستکردنەوەی دەنگەکان لەدوای ژماردنی دەنگەکان پرۆسەی پێداچوونەوە ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا بەرپرسان بە داتاکاندا دەچنەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ڕێکارە شیاوەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگەکاندا گیراونەتە بەر و دڵنیادەبنەوە لەوەی تێكڕای ژمارەی کارتی دەنگدانەکان یەکسانە بە ژمارەی دەنگدەرەکان. لەپاش ئەو پشکنینانەی لەسەر ئاستی خۆجێی دەکرێن، دەستەی پێداچوونەوەی ویلایەت، وەزیری دەرەوەی هەریەکە لە ویلایەتەکان، یاخود بەرپرسی دیکەی ویلایەت پەسەندی دەکەن، بەم جۆرەش ئەنجامەکە دەبێتە فەرمی. ئەم پرۆسەیەش لە ویلایەتێک بۆ ویلایەتێکی دیکە دەگۆڕێت و دەکرێت چەند ڕۆژێک تاوەکو چەند هەفتەیەک بخایەنێت تاوەکو تەواو دەبێت. بۆ نمونە لە ویلایەتی دیلاوێر، وەها دانراوە پرۆسەی پشتراستکردنەوە بۆ دەنگدانی ئەمساڵ لە 5ـی یازدە تەواو بێت، واتە دوو ڕۆژ دوای ڕۆژی دەنگدانی گشتی. بۆ زۆربەی ویلایەتەکان ئەم وادەیە دەکەوێتە نێوان 20 بۆ 30 مانگی یازدە. لە نویۆرک ئە وادەیە 15ـی دوازدەیە. وادەی دەستبەکاربوونی ئەندامانی نوێی کۆنگرێس کە مانگی یازدە هەڵدەبژێردرێن، لە 3ـی مانگی یەکی ساڵی دواتر دەست پێ دەکات. بۆچی لە هەندێک ویلایەت چەندین ڕۆژی پێدەچێت تاوەکو ئەنجامە نافەرمییەکان ڕادەگەیەندرێن؟ پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان و ئەو کاتەی بەرپرسانی هەڵبژاردن دەتوانن دەستی پێ بکەن ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لەوەی کە چەند خێرا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنن. لە هەندێک بنکە هەموو دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێن و پرۆسەی ژماردنەکەش تێیاندا دەست پێ ناکات هەتا سندوقەکانی دەنگدان لە شەوی هەڵبژاردندا دادەخرێن. پرۆسەکە لەو بنکانە کاتی زۆرتری پێدەچێت وەک لە بنکەیەک کە جیاکردنەوەی دەنگەکانی بە پۆستە پێشتر ئەنجام درابێت و ئامێر بەکار بهێنن بۆ ژماردنی دەنگەکانی کە لە سەر سندوقەکان دراون. یەکێککی دیکە لە هۆکارەکانی دواکەوتن بریتییە لە ژماردنی ئەو دەنگانەی بە پۆستە دەنێردرێن و لەدوای ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگەنە ناوەندەکان. ئەمە لە زۆربەی ویلایەتەکاندا ڕێگەپێدراو نییە و وەها دەخوازرێت کە دەنگدانی پۆستە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بگەن بە ناوەندەکان. دیسانەوە لە نمونەی ویلایەتی دێلاوێردا دەنگەکان کە لە ڕێگەی پۆستەوە دەدرێن، دەبێت ڕۆژێک پێشتر بگەن. بەڵام لە 13 ویلایەتی دیکە دەکرێت پۆستەی دەنگدانەکە درەنگتریش بگات بە مەرجێک پۆستەکە لەوادەی ڕۆژی دەنگدان درەنگتر نەنێردرابێت. لە ویلایەتی پێنسەلڤەینیا، دەکرێت تاوەکو 14 ڕۆژیش دوای ڕۆژی دەنگدان بگەن. لە دوو ویلایەتی دیکەش، رۆد ئایلەند و تێنەسی، هیچ دوا وادەیەک دیاری نەکراوە بەو مەرجەی پۆستەی دەنگدانەکە بە هاتنی ڕۆژی دەنگدان ڕادەستی فەرمانگەی پۆستەگەیاندن کرابێت. بابەتێکی تر بریتییە لە دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان. لەو کێبڕکێیانەدا کە ژمارەی دەنگەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن، یاساکانی هەڵبژاردنی ویلایەت ڕێگە دەدات بەوەی یان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەنگەکان بژمێردرێنەوە یاخود کاندیدەکان داوای دووبارە ژماردنەوە بکەن. ئەو پرۆسەیەش دەکرێت چەندین رۆژ بخایەنێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە پێویست دەکات کاندیدەکە بە نوسراوی یاسایی داوای دوو بارە ژماردنەوەی دەنگەکان بکات. پاراستنی هەڵبژاردنەکان دەستەڵاتە خۆجێیەکان چەندین هەنگاو دەنێن بۆ زامنکردنی پاراستنی دەنگدان، لەوانەش نەبەستنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بە ئینتەرنێتەوە و بەکارهێنانی سەرمۆرکردنی تایبەتی ئامێر و سندوقەکانی دەنگدان تاوەکو دەستپێڕاگەیشتنیان کۆنترۆڵ بکرێت. حکومەتی فیدراڵییش ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. وەزارەتی جەنگ توانا هەواڵگری و سایبەرییەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستی دەرەکی لە دەست تێوەردان لە پرۆسەکە . هەروەها وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی جەنگ و ئاژانسی ئاسایشی سایبەر سیکوریتی و ژێرخان (CISA) دەکات. ئاژانسی ئاسایشی سایبەر سیکوریتی و ژێرخان کار لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی ویلایەت و خۆجێی دەکات بۆ ڕاهێنانیان لەسەر باشترین کردەکانی ئاسایش و پاراستن و کۆمەکی تەکنیکیش دابین دەکات وەک پشکنینی سیستەمەکانی کۆمپیوتەر و سکانکردن بۆ دۆزینەوەی ئەو لاوازییانەی کە دەکرێت بقۆزرێنەوە. دوایین پشکنینی سیستەمەکەش بریتییە لە وردبینی دوای هەڵبژاردن، کە لە زۆربەی شوێنەکان ئەنجامدەدرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بە باشی کاردەکەن و ژماردنی دەنگەکان بە ڕێکوپێکی کراوە.
  13. هەواڵە جیهانیـیەکان لە دەنگی ئەمەریکا
  14. هەواڵە جیهانیـیەکان لە دەنگی ئەمەریکا
  15. بەرنامەکانی دەنگی ئەمەریکا ڕۆژانە لە کاتژمێر 1ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن و کاتژمێر 8ـی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکەن.
  16. حکومەتی عێراق دەروازەی سنووریی شیبی لەگەڵ ئێراندا تا کاتێکی نادیار داخستووە. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم بڕیارە بۆ پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دانانی ئامێری پشکنین، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی ماددە قەدەغەکراوەکان گیراوە. ڕۆژی چوارشەممە، 21ی مانگی دە، بەرپرسیارێکی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ڕێوشوێنە ئاسایشییەکانی ئێستای دەروازەی شیب لاوازن و پێویستی بە بەهێزکردن هەیە. دوو سەرچاوەی دیکە لە دەروازەکە پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە هاتوچۆی هاووڵاتیان، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە بازرگانییەکان تا کاتێکی نادیار ڕاگیراوە. لە هەمانکاتدا، بەپێی ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران، وەلیوڵڵا حەیاتی، بەرپرسێکی ئاسایشی ئوستانی خوزستان، پشتڕاستی کردووەتەوە کە دەروازەی جەزابە، کە لە لای عێراق بە شیب ناسراوە، بە بڕیاری حکومەتی عێراق داخراوە. بەرپرسە ئێرانییەکە ئاشکرای کردووە، گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی ئێران و بەرپرسانی پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە بۆ کردنەوەی دەروازەکە. حەیاتی داوای لە هاووڵاتیان و شۆفێرانی بارهەڵگرەکان کردووە، تا کردنەوەی دەروازەی شیب، دەروازەی شەلامچە بەکاربهێنن. لە لایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی میدیای عێراقی، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەند دەروازەیەکی دیکەی سنووریی نێوان عێراق و ئێران بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دابخرێن، بەڵام تا ئێستا لایەنە فەرمییەکان ئەم پلانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. دەروازەی شیب لە پارێزگای مەیسانی لەگەڵ سنووری پارێزگای خوزستان لە ئێران. ئەم دەروازەیە یەکێکە لە ڕێڕەوە گرنگەکانی بازرگانی و هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات. پێشتر، لە مانگی نۆدا، عێراق دەروازەی شەلامچەی بە شێوەیەکی کاتیی داخستبوو، دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر سعودیە. ئەوکات ریاز ڕایگەیاندبوو درۆنەکان لە خاکی عێراقەوە هاویشتراون، بەڵام حکومەتی عێراق لەسەر ئەو بانگەشەیە لێدوانی نەدابوو.
  17. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باکووری کەرتی غەزە، ئەندامێکی حەماسی کوشتووە کە بەشداری لە ڕفاندن و کوشتنی شانی لووک کردبوو لە کاتی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری (مانگی دە) ساڵی 2026 بۆ سەر ئیسرائیل. شانی لووک کچێکی ئیسرائیلی تەمەن 22 ساڵ بوو و هونەرمەندێکی تاتۆکاربوو، کە لە کاتی هێرشەکانی حەماسدا بەشداری فێستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤای کردبوو. دەستبەجێ دوای هێرشەکە، ڤیدیۆیەک بە فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگا هەواڵییەکان بڵاو بووەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت تەرمی کچەکە لەسەر پیکابێکی حەماس دانراوە و پێنج چەکدار لەدەوری دەبینرێن. ئیسرائیل دەڵێت یەکێک لە چەکدارەکان بریتی بوو لە تامر محەمەد ئیبراهیم زەیبەق، و ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە باکوری غەزە کوشتویەتی بەپێی ڕاگەیەندراوەکی سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، شین بێت، ئەو چەکدارە ئەندامی باڵی سەربازیی حەماس بووە و لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەردا چووەتە ناو خاکی ئیسرائیل و بەشداری لە ڕفاندنی شانی لووک کردووە. سوپای ئیسرائیل و شین بێت دەڵێن چەکدارەکە لە ماوەی جەنگدا بەردەوام بووە لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر سەربازان و هاووڵاتیانی ئیسرائیل و هەوڵی داوە توانای سەربازیی حەماس بونیاد بنێتەوە. شایەنی باسە، ئیسرائیل دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر ئەوەی ڕاگەیاند کە لووک لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە هێرشەکەدا کوژراوە و تەرمەکەی وەک بارمتە بۆ کەرتی غەزە گواستراوەتەوە. هێزەکانی ئیسرائیل لە مانگی پێنجی ساڵی 2024 ڕوفاتەکەیان دۆزییەوە و گەڕاندیانەوە.
  18. باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق ڕۆژی چوارشەممە هەواڵی جێگیرکردنی درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەت کردەوە. باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا دەڵێت کە ڕێز لە سەروەریی عێراق دەگرن و بەهای پەیوەندییە دۆستانەکانیان لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەزانن و بەرزی ڕادەگرن. هەروەها ڕایانگەیاندووە ئەو هەواڵەی لە لایەن ئاژانسی تەسنیمی ئێرانییەوە لە 20ی مانگی دەدا لەو بارەیەوە بڵاو کراوەتەوە هەڵبەستراو و ناڕاستە. شایەنی باسە ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران پێشتر بڵاوی کردبووە کە گوایە ئۆکرانیا هەزاران درۆنی لە هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە.
  19. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند زەمینەسازی بۆ هەنگاونان بەرەو وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ئۆکرانیا کراوە. ستیڤ ویتکۆف ئەمڕۆ لە سەنت پترسبۆرگ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن کۆبووەوە و هیوای خواست پوتن بیر لە دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا و ئۆکرانیا بکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە تەکنیکییەکان. ویتکۆف ئاماژەی بەوەشکردووە بەڵگەنامەی لەگەڵ خۆی هێناوە کە ڕێبازی جیاواز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا دەخاتە ڕوو. ئاژانسی هەواڵی تاس لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئەم قسانەی بڵاوکردووەتەوە. یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری پوتن پێش کۆبوونەوەکە بە ئینتەرفاکسی ڕاگەیاندووە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان یەکلاییکردنەوەی ئاشتییە و وتیشی نازانم ئەمڕۆ ڕێککەوتن دەکرێت یان نا. ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی کۆشکی سپی نووسیویەتی ویتکۆف پلانێکی نوێکراو پێشکەش بە پوتن دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. ویتکۆف ڕۆژی چوارشەممە لە ئۆسلۆ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و نوێنەرانی وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ کۆبووەوە. بەرپرسێکی ئەمەریکایی دانوستانەکانی ئۆسلۆی بە "بنیاتنەر" ناوبرد و "پێشکەوتنی بەرچاو"ی ڕاگەیاند. ترامپ ڕایگەیاندووە ڕووسیا "دەیەوێت کارەکە تەواو بکات"، بەڵام گومانی خۆی لە خواستی زێلێنسکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەربڕیوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ئۆکرانیا ئەم شەڕە چارەسەر بکات. جەرێد کوشنەر، دانوستانکارێکی دیکەی ئەمەریکا بەهۆی تووشبوونی بە ئەنفلۆنزا بۆ ڕووسیا نەکردووە. ڕۆژنامەی مۆسکۆ تایمز نووسیویەتی کوشنەر لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری گفتوگۆکان دەکات.
  20. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ستیڤن هابارد کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن لەلایەن ڕووسیاوە دەستبەسەرکرابوو، لەسەر داوای ڕاستەوخۆی ئەو لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئازادکراوە. ترامپ لە تروث سوشیاڵ ڕۆژی چوارشەممە، 21ی مانگی دە نووسیویەتی هەفتەی ڕابردوو لەکاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتن ئەو داوایەی کردووە و ئێستا هابارد لە ڕێگەی ماڵەوەیە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە بە خێزانەکەی شادببێتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئازادکردنی هابارد بەبێ هیچ ئاڵوگۆڕێکی دیل و ئیمتیازاتی بەرامبەر نەبووە و دەڵێت ڕەنگە ئەمە بۆ ڕووسیا بێ وێنە بێت. ترامپ هەروەها ڕەخنەی لە ئیدارەی بایدن گرت کە نەیتوانیوە دانوستان لەگەڵ کرێملین بکات بۆ ئازادکردنی هابارد و وتی کە دەبوو گەڕانەوەی کرێملین ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ڕووبدات. هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ ئەمڕۆ لە سەنت پترسبۆرگ ئازادکردنی ستیڤن هاباردی پشتڕاستکردەوە. فۆکس نیوز بڵاویکردووەتەوە ئازادکردنی هابارد دوای ئەوە هات کە ترامپ فشاری خستە سەر پوتن. کۆمێرسانت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند هابارد لەسەر داوای ترامپ لە زیندان ئازاد کراوە. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ستیڤن هابەردی تەمەن 74 ساڵ، لەلایەن ڕووسیاوە وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی ئازادکراوە. ڕۆیتەرز نووسیویەتی هەواڵی ئازادکردنی هابەرد ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە داوای لە پوتن کردووە ئەو زیندانییە ئازاد بکات. ڕێک دوو ساڵ لەمەوبەر دادگای ڕووسیا سزای شەش ساڵ و دە مانگ زیندانی بەسەر ستیڤن جەیمس هابەرددا سەپاند. تۆمەتبار کرابوو بەوەی کە وەک بەکرێگیراوێک لە دژی ڕووسیا شەڕی بۆ ئۆکرانیای کردووە. بەگوێرەی لێدوانی دەسەڵاتدارانی دادوەری ڕووسیا، هابەرد کە لە شاری ئیزیوم لە ناوچەی خارکیڤی ئۆکرانیا ژیاوە، لەبەرامبەر مووچەی مانگانەی هەزار دۆلار، پەیوەندی بە یەکەیەکی سەربازی ئۆکرانیا کردبوو. میدیاکانی ڕووسیا لەو کاتەدا ڕایانگەیاندبوو کە هابەرد دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. بەڵام خوشکەکەی و یەکێکی دیکە لە خزمەکانی دواتر لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز گۆمانیان لە ڕاستی دانپێدانانەکەی کرد. وەڵامی ڤلادیمێر پوتن بۆ داواکارییەکەی ترامپ لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان ترامپ و ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاڵۆزتر بووەتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا گوشارەکانی لەسەر ئۆکرانیا زیاد کردووە بۆ ئەوەی زیاتر کاربکات بۆ ئاشتی و کەمکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ڕووسیا و ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت زیلێنسکی لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستاندا لەگەڵ ڕووسیا "بگاتە ڕێککەوتن". ئۆکرانیاش نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ هەڵگرتنی هەندێک سزای سەر ڕووسیا دەربڕیوە.